خێر و شەڕ
نووسین: کاروان جودی
بابەت: زمانەوانی
ئەرشیف: 15/ 6 / 2016
ئەگەر خێر بۆ کرداری باش و پەسەندکراو بەکار بێت، ئەوا شەڕیش بە پێچەوانەوە بۆ ناپەسەند و خراپ بەکاردێت.
خراپ بە هەمان شێوە بۆ مەبەستی تار و ناڕون و ناژیان بەکار دێت، تاریکی هێمای کاولبوون و خراپبوونە.
خۆر هێمای ڕۆشنایی و ژیان و گەشەکردن و دروست بوونە.
خێر و خۆر هەر هەمان وشەی ئاشتی و ژیان و پێکەوەبوونە، (سپییە، ڕوونە)، ئەمەش پێچەوانەی شەڕ و تاریکییە، دەکرێت بزانین واتاکانی (خۆر، خێر)و ( شەر، ڕەش) هەمان واتای یەکترییان هەیە، کەواتە با بزانین چی خێرە و چی شەڕە؟
هەڵبەت ئەوەی ڕوونە سپییە خێرە، ئەوەی تارە ڕەشە شەڕە.
شەڕ واتای پێکهاتەکانی لە ئەرەبیدا بە (شر) دەنوسرێت لە کوردیدا دەبێتە (رش، رژ، ڕەش). ( رش، ڕەش)- (شر، شەڕ ).
وشەی (خراپ) لە (خر+ اپ) لە (خر، خور، خۆر)+ (اپ، اب، او) پێک هاتووە؛ کەواتە خۆر کاتێک سەرەوخوار دەبێتەوە بەرە ڕووی کەناراوەکان دەچێت، ئاوا دەبێت.
کاتێ خۆری پرشنگدەر کە هێمای کار و ژیانە دەکوژێتەوە و ئەو ڕوناکییەی هەیەتی نایمێنێت تاریک دەبێت، بەمەش پێچەوانەکەی خۆر دەبێتە ڕەش و تارمایی، هەر بۆیە هەرچی پێکهاتە و وەیشومەیە دەیدەنە پاڵ تاریکی و بە شەڕی دادەنێن، کوندەپەپوو باشترین نمونەیە کە لە تاریکیدا بکوکێنێت و دەڵێن ئەو شوێنە بێفەڕ دەبێت؛ ئەو زیندەوەرە بێ زییانە هەتا ئیستاش وەک شووم و خراپ ناوی دەبەن.
کەواتە ئەمانە هەمووی دروستکراوی بیری مرۆڤن و لە سەردەمێکدا تەشەنەى کردووە و کاریگەرى تەواوى لەسەر بەشێکى پێکهاتەى زمان داناوە.
ئهم نووسراوه له گروپی "زمانی زستانداردی كوردی" بڵاوكراوهتهوه.