القائمة الرئيسية

الصفحات

‌ کەندەکۆخ

نووسین: کاروان جودی

بابەت: زمانەوانی

ئەرشیف: 28- 5- 2020


بە تاوێرە بەردێکى نێو بۆش و کون دەوترێت، ڕەنگە ئەم کونەى نێوەندى ئەم بەردە بە تێپەڕبوونى کات بەهۆى داچۆڕان و بەرکەوتەى ئاوى باراناو یان هەر هۆکارێکى ترەوە بێت کون بوو بێت.

ئەم بەردە کە دەکەوێتە نێوچەیەکى بەرز لە هەندێ ناوچە پیرۆز ڕاگیراوە و مناڵ و کەسانى نەخۆشیان بردۆتە وێ.

کەسێ بە ئاسانى دەتوانێ بکوڕمێتەوە و بەو نێوەندە بچێتە ناوەوە.

دەوترێت ئەو مناڵانەى تووشى نەخۆشی هەڵامەت و کۆخە و (کۆخە ڕەشە) بوون دەبرانە لێ ئەو بەردەى.

دواتر بەهۆى خوێندنى وتەیەکى زارەکییەوە پێیدا دەچونە نێوى.

هەمو جارێ کە مناڵان پێدا کوڕ دەبوونەوە دەیان وت (کەندەکۆخ، لێى ببە کۆخ).

کەواتە وشەى (کۆخ) لەوەوە هاتووە کە مناڵى توشبوو بە (کۆخە) براوەتە نێو (کەند)ى و بەو هۆیەى چاک ببێتەوە.

هەر بۆیە واتاى (کەندەکۆخ) لە (کەندە: چاڵ، قوڵک) پێکدێت و (کۆخە)ش بە واتاى (کۆکە)دێت.

 لە زۆر جێى هەولێرێ بۆ بەدیهاتنى مرازیان خەڵکى دەچوونە سەر مەزاران، ئەو جێگەیەى قوڵە و (کەندە). کەواتە وشەى لێکدراوى (کەندەکۆخە) لە سەرەتادا بۆ مرازى چاکبونەوەى مناڵان لە نەخۆشی (کۆخە) بەکارهاتووە.  دواتر بۆ بەدی هاتنى مرازى زێدەتر سەردانى (کەند)ەکانى تر کراون و گەلێ دابونەریتى سەیریش لەم چیرۆکانەدا هەیە کە ناکرێ لێرەدا باسیان لێ بکرێ ، هەتا ئیستاش لە گەلێ ناوچە هەندێک لە گۆڕى مردووان هەر بە (کەندەکۆخ) ناودەبرێ.

ئەم  بابەتە لە "فەرهەنگی وشەدانی ژین" بڵاو کراوەتەوە.