القائمة الرئيسية

الصفحات

تێڕوانین بۆژیان


بیناکردنەوەى سروشى مرۆڤى ڕاستینە ئەبێ بەجۆرێک بێت کە هەست بەئاسایش بکات وە ئەو ئارامیەى کەهەیەتى ئەبێت زۆر بەباشى بۆخودى خۆى بیپارێزێت هەروەک لەپێناوى ئاسایشدا هەوڵ ئەدات وەدژى هەریەک لەزوڵم وزۆرداریەکانى ژیانیەتى بەتایبەتى ئەمە لەئەنجامى ناهاوسانى دروست کردنى چین توێژو ڕەگەزى نێوان میللەتان یان بەهاوبەشى کردن لە ژیانى نێوان نێرینە و مێینەدادروست ئەبێت، ئەوەى کەبۆمان ئەبێتە هۆکارى پاراستنى جەستەى خود ئەوائەبێت دوژمنى هەربەرەنگاییەک بین کەڕوبەڕوى نەتەوەیەک یان کەسێک ئەبێتەوە ئەمە ئەساسیەتى نەتەوایەتیى وچینایەتى و ڕەگەزى بەلاوە ئەنێت، هەروەک چۆن میللەتان هەموویان لەناو یەکتردا تواونەتەوە وەکاریگەریەکانى ئاین ومەزهەب و تیرەکانیان بەسەریەکتریەوە هەیە، هەروەک مافەکانى مرۆڤ لە هاوچینى و هاو هەڵوێستیدا دەردەکەوێت ، ئەگەر ئێمە هەروەک مرۆڤ کاربکەین و لەخەمى یەکتریدابین ئەوا(مرۆڤى ڕاستینە) ئەوانەن کەنابنە هۆکارى لە ناوبردن تۆقاندن، هەروەک بنەما ڕەوشتى و ئاینى ومرۆڤایەتیەکان لەسەر ئەوە داکۆکن ، بەڵام پاراستنى خود بەتەنها بەس نییە یان پەرەدان بە تەنهایى بەجۆرێک کە کۆمەڵگە فەرامۆش بکرێت یان هاوسێکان لەیەکترى بێئاگابن ئەوەتا دروستى ژینگەو ژینگە پارێزى هۆ کارێکى زۆر پێویستە کەئەبێت بەرگرى تێدا بکرێت، وە دژى سوتاندنى زیندەوەرى ڕوەکى و لەناوبردنى زیندەوەران بین، هەرچەند دەبێت پاکى مرۆڤ لەپاکى ڕەوشتیەوە بێت کە ئەمەش پەیوەندى ڕەوشتى نێوان بونەکان ڕێکو ساز ئەکات، هەروەک چۆن مرۆڤى ئایندە پێویستى بەژیانێکى پارێزراو هەیە، ئەبێت ئەوەمان لەیاد نەچێت کە زۆرینەى سروشتى پاک لەناوچەى لەناوبردنى مافى بونەوەر و خستنە خوارەوەى هەستى نەتەوایەتى لەناوچووە چونکە دەستێکى نامۆ وێرانى دەکات، مرۆڤی ڕاستینە پێویستە لە ڕەوشتیدا ئەوەى تێدا چەسپا بێت کە خاوەنداریەتى بونەوەر بە پێویست بگرێت بەو جۆرە نا کە خاوەنداریەتى لەنێو زۆر مرۆڤى ئەم سەردەمەوە لەنێو ئاین و نەتەوە جۆراو جۆرەکان ، هەروەک ژیان موڵکى هەموانە کێ زێدە بەڕێزە ئەوەى کەخاوەنى شارستانیەت و ڕەوشتى یاساکانى بوونەوەرى هەڵگرتووە هەروەک یاساگەردونیەکان زۆرن و زۆریان بەکار ئەهێنرێت بۆسودى بونەوەران، بەڵا م ئەوەى کە هەتا ئێستا هەرجێگەى تێڕامانە و مرۆڤ ئەتوانێت بەتەواوەتى سودى لێوەربگرێت مانەوەى یەکانگیریە لەبوندا.

زیندەوەران بەگشتى بۆ مانەوەیان پێویستیان بەهاوکارى و پارێزکارى دەبێت، ئەمە هەرکەسێت ئەتوانێت ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆى خۆی، هەروەک ژیانى هاوسەنگى گشت بونەوەران لەڕێگەى هاوکاریەکانەوە تەواو ئەبێت، هەروەک ئێمە نامانەوێت دووژمنایەتى لەگەڵ بونەوەراندا بکەین چونکە پێوستە بزانین کە نەتەوەى کوورد وەک هەر نەتەوەیەکى دابەشکراو لەمافە سیاسى وئابورى و ژیاریەکاندا ئەبێت هاوکارییەکى گشتى مرۆی بۆ بکرێت ئەوەش ئەو مافە خۆییەیە کەخاوەنداری سروشتى هەیە.

ئەگەر داوا بکرێت وەک یاسایەکى داکۆکى کردن لەمافەکانى گەلان بەگشتى کاربۆ ئەمە دەکات، جارێکى تر پێویستە ئەو گۆڕانە لەناو خودى خۆیدا پێک بهێنێت، واتا لە ناوەڕۆکى ژیان سازى و ئامادە باشى و هاوکاریەکانى مرۆڤایەتى نێو خۆییەوە بێت، یان گەلان بەتاک وکۆى مەزهەب وچین و توێژەکانیەوە بەناوى دەوڵەتەوە هاوکارى بکات بۆ ئەوەى ژیانى گەلێک و نەتەوەیەک لەوە زێدەتر لەناو مردن و مەترسیدا نەبێت .

-ئەم بابەتە لەروزنامەى ڕۆژى ووڵات ساڵى 2006 بڵاوکراوەتەوە.

نووسین : کاروان جوودى

تعليقات