القائمة الرئيسية

الصفحات

تاریک و ڕوون


شەوتابەیانى لەسەربانێژەکە سەیرى بەززایەکانى دەکردوو ئەستێرە درەوشاوەکانى ئەبینى بیرى لەهەڵهاتنى تیشکى خۆر دەکردەوە
چێشتەنگاوێ (هۆشمەند)بەرەو کۆڵانەکە دەڕۆیشت دەنگى ئیسحاف بەرزبۆتەوە وەک مناڵان یارى بکەن ،نرکەى پێکانیان نەدەهات بەئەندازەیەک شاردەنگى دەدایەوە .
(هۆشمەند)کەڕوانى ئاپۆڕاى پێشمەرگەیەو بەنێو کۆڵانەکاندا تێدەپەڕن بەجامانەو کڵاشەوە جلى کوردییان زیندو کردۆتەوە (هۆشمەند)مشکییەکەى کەسێکیانى ناسییەوە ،چونکە نیوەشەوێکى درەنگان هاتبوو بۆماڵەوەیان ناویشى بیرکەوتەوە (ڕێناس)بوو، (ڕێناس) مشکییەکەى بەجۆرێک توند بەستبوو ئەوەى خستەوە بیرى(هۆشمەند)پێى ووتبوو لەدەورى سەرت گەڕێم و ماچێکى سەرى کردبوو لەهەمان کاتدا ووتبوى:درەنگ نییە ئەگەر ئاگر بەربدەینە قەڵاى دوژمنان .
لەنێو ئەوحەشامەتەدا پڕبەدڵ هاواریان دەکرد(تۆپ تۆپ تەیارە دەرمان ناکەى لەم شارە)وەپاشان دەنگەکە گۆڕا:ئەم دینارە بەوردە سەددام قۆنەرەى کوردە،ئەمە تاکە هەڵوێست نەبوو بەڵکو گۆڕانى بەدوادا هات .
سەردەمێکى درێژى بەسەرداهات هەروەک هەورە بروسکە کەچەخماخەى دا، ئەوەندەش خێرا کاتەکان تێدەپەڕین نەدەزانرا بۆ وا پەلەدەکەن.
لەناو لانکۆڵەکەیدا(هۆشمەند) بەشەرمییەوە پاڵکەوت،سەردەمێکى کۆنى کەوتەوە بیرى کەچۆن بەسەرگردێکەوە دەستى پێشمەرگەکانى گرتبوو هەڵدەپەڕین و دەیانکردە زەماوەند،ئەو گوڵینکانەى کەبەسەر بێشکەکەدا شۆڕ بووبونەوە بیرى دەکەوتەوە کەلەنێو ئاهەنگدابوون لەگەڵ(ڕێبوار)ى خاوەن هەڵوێستا دەمپڕ بزە بەوێنەى شاباشى هەموو دنیا ،هەر ئەوکاتانەش کەلەیەکتر دورکەوتنەوە چەپکەیەک گوڵى سەرهەڵدانى ڕۆژێکى نوێى پێشکەش کرا.
(کات لەڕوداوەکاندا قەتیس مابوو (هۆشمەند) بەجۆرێک ئەیبینى کەدەستى ئەبرد بەسەر گوڵینکەکاندا وا هەستى ئەکرد هەمان ڕۆژە وابەناو چاویدا هەڵدێت،بەڵام کاتێک فرمێسکەکانى ئەهۆنیەوە نەیزانى ڕەشاییەک لەهەورەکان، لەباکان ژورەکانى تەنیوە ،(هۆشمەند)ئەبوایە زوو ڕاپەرموێت ، تک تک دڵۆپەئاو ئەتکا بەچاویدا،ئەوەندە نەبێت لەژوور سەریەوە کەلەدەروازەکەیدا هەوایەکى سارد ڕایچڵەکاند، تۆزێک ئارامى گرت دواتر بەهەناسەکانیەوە ئەژیا، بارانێکى بەخوڕ دایکرد ئەوجا ئاسمان بەرى لێڵ بوو، دواتر (هۆشمەند) بەخەبەر هاتەوە ،سەیرێکى ئاوێنەکەى بەرپلیکانەى کرد شکابوو، لەڕوبارەکەى بەردەمیەوە وێنە تۆمارکراوەکانى خۆى دەبینى ،دواتر بەوێنەى خنکاو هێندە ڕادەما هەتا چاوى ڕۆشن بوەوە،ئەم دیمەنانە لەکات گۆڕیندا بوو بەڵکو(بیر)ئەهاتە قوڵپە ،ئەودەمە دەروازەکەى (هۆشمەند) دانەخرابوو لەنێوچاوەکانیەوە هەواڵێکى گەش دەم وچاوى داپۆشى هەرئەوەندەش شەڕى دوودراوسێکەى هەڵگیرسابوو، چووە دەرەوە لەماڵەوە هەوڵیئەدا ئاشتیان بکاتەوە.
ئەودەمە لەناکاو هەواڵى نێوبەهارى نزیک ئەبوەوە هەرچەندە سەرما کاتى بەسەر نەچووبوو وەیشومەى نەهامەتیەکان هەرمابوو تاوناتاوێک زیندویان ئەکردەوە ، بەڵام (هۆشمەند)کوڕانى گەڕەکى کۆدەکردەوە کەهەرگیز ڕولەسوپاى دوژمنان نەکەن،لەگەڵ زۆرکەسى وەک(سالار)هەوڵیان ئەدا،
(هۆشمەند)ووتى: ئەگەر ئەمجارە دەسەڵات بگرینەوە دەست چ ڕوئەدات؟ لەپاش کەمێک هەم وهاوڕێکان لەیەکدى نزیک ئەبنەوە هەریەکەو جۆرە گفتێک ئەکات ، بەڵام لەسەروى هەمویانەوە( ئازادى)یە! لەقسەکردن، لەشاربینین، لەخواردن، لەهەڵسوکەتا، یان لەبیرکردنەوەدا، ئەمە سەرەتایەک نییە.
دەمەو ئێوارەیەک خەڵکى لەچایخانەکان کۆدەبنەوە هەڵبەتە (هۆشمەند)برادەرەکانى ئەبات هەتا هەواڵ ببەخشن بۆ ڕاپەڕین،پیاوانى بەتەمەنیش خۆشترین جێیان نزیک مزگەوتەکانە هەمویان بەیەک دەنگ داواى ڕزگارى ئەکەن، (هۆشمەند)لەدەنگى مزگەوتەکانەوە هاواردەکات:هۆ خەڵکى بەشەرەف، خەڵکى زوڵم لێکراو، سبەینێ زوو هەریەکێک لەماڵى خۆیەوە ئاگرى نەورۆز، ئاگرى ڕزگارى، ئاگرى سەرفیرازى، لەنێو ڕاپەڕیندا دابگیرسێنێت، ئەم هەواڵە وەک با، باى توڕە، زووگەیشتە خەڵکى.
بۆسبەینێ دەنگى کڵپەى ڕاپەڕین لەئاگرە خنجیلانەکانەوە دەستى پێکرد،(هۆشمەند)سەردەمى کۆنى ڕابردوى بیرهاتەوە کەزۆر تامەزرۆى ڕاپەڕین بوو ،چونکە خۆشەویستى بۆ هەزاران(ڕێبوار)ى ئەم ئازادییەدا هەبوو ،(هۆشمەند)لەکاتى ڕاپەڕیندا(ڕێناس)ى بینییەوە بەشرواڵەوە بەڵام ئەمجارە لەپاش دەساڵ پێکانى تینى تێدامابوو، هاوارى دەکرد(بژى گەل هێزى گەل ئازادى بێ قەیدوشەرت).
لەهەمان هەنگاوی دا(هۆشمەند)دەستى دەگرێت وپێکەوە دەستیان بەرزئەکەنەوە و لەپێشەوەى حەشاماتەکەدا بەسنگێکى واڵاوە دەڕۆن، بەم جۆرە دنیا ڕۆشن ئەبێتەوە هەتادواهەناسە خەڵى هەرگیان فیدائەکەن بۆ سەرکەوتن لە چنگ داگیرکاری و هەوڵدان بۆ ئازادى و لێک دابڕانى زنجیرى کەلەبچە بەندى .

نووسین : کاروان جودى –سلێمانى2005

تعليقات