القائمة الرئيسية

الصفحات

 


چاویلکە : کەس هەیە ڕوونی بکاتەوە ؟
کەس هەیە لە خوێندنگەی سەرەتایی نووسراوی (چاویلکەی نەنکم )ی نەبیستبێت؟ ڕەنگە هەبێت، بەڵام پرسەکە لێرەدا ئەمەیە (ئەگەر چاو مەبەست لە بینایی بێت ئەی / یلکە / چییە ؟ دەکرێت ( یل + ە )بێت و دواتر ( ک ) چۆتە پشت ، ئەو کاتە بزوێنی / یلە /ی دراوەتە پاڵ، کەواتە پاشگرە، یاخود لە بنەمادا / چاوولکە / چاولکە / چاولک+ ە/ یە )؟
هەروەک (ورد + یل + ە) وردیل، وردیلە / کزیلە / کەنیلە / کوردیلە / مەمیلە / پشیلە / خڕیلە / شڕیلە.
بەڵام لێرەدا ئەم پاشگرە (یل، یلە) بۆ بچوکییە، بۆ بچوککردنەوەی قەبارە و ئاست، وەک پێوەری کەمکردنەوە لە ئاست وشە سەرەکییەکەدا بەراورد دەکرێت.
دیسان (ۆک: ووک، وک) هەروەک (ێل ، یل) وەک پاشگرێک دەوری (بچوک: بچک، بچکۆل، بچکۆلە) کردنەوە دەبینێت، هەروەک (مەنجەڵ/ مەنجەڵۆک : مەنجەڵی بچکۆلە)، (قسە/ قسەڵۆک: وورتە و وردە قسەکردن )، ( پەرش/ پەرشۆک)، (مەم/ مەمۆک)، (سەر/ سەرۆک: ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت لەو سەروتر هەیە، هەروەک لەسەر و هەموو زانستێک زانایەک هەیە)، (بەر/ بەرۆک: واتای گەردن و مل و یەخە، سینە - سنگ -، ڕێلێگرتن، بەرلێگرتن، ڕێلێگرتن .....)، (تیر/ تیرۆک)، (خز/ خزۆک)، (خڕ/ خڕۆک: پێچۆک، خڕۆکە)، (فڕ/ فڕۆک: فڕۆکە) ٫ (شێت/ شێتۆک: شێتۆکە) ...
هەروەها لە کۆندا دەمان بێژت (عەینۆک) هەروەک دیارە (عین: عەین = چاو) + پاشگری (ۆک)؛ کەواتە پاشگرەکە لە هەردوو وشەکەدا هەر بۆ واتای (تصغیر) بچوککردنەوەیە.
ئەوەی لە (چاویلکە)دا دەبینرێت لە چاو گەورەترە نەک بچۆکتر! کەواتە دەبێت پێویستییەکی تر هەبێت بۆ تەواوکردنی ڕاستییەکە؛ 
هەرچەندە (چاو) وەک (چاوگ، چاوە، سەرچاوە) هاتووە و مەبەست لە جێگەی تێدا هەڵقوڵانی ئاوە، کە جێگەی سەرەکی و سامانی سروشتییە نەک لقوپۆ.
نووسین: کاروان جودی
٦ / ۳ / ۲۰۱۷