القائمة الرئيسية

الصفحات


 زانستى نوێ ئەمڕۆ لە پێشکەوتندایە و هەر بەو هۆیەوە لەگەڵ هەر پێشکەوتنێکدا گەلێک ئامێرى جۆربەجۆر دەدۆزرێتەوە بۆ شیکارى و پێناسەى بەش و لایەنەکانى پێکهاتەى مرۆڤ چ لە ڕووى دەرونى و لاشەیی و لایەنە شاراوەکانیەوە بێت کە بە سەنتەرو مەڵبەندى ڕۆح ناو دەبرێت، لە سەدەى بیست و یەکدا بەتەواوەتى هەست بەگرنگى یۆگا کراوە و بەردەوام لە گەلێک جێگەى دونیادا قوتابخانەکانى کۆن و نوێى لە پەرەپێداندایە، لە کاتێکدا ئاڵۆزى و تێکچوونى بارى دەروونى کەسایەتیەکان و زۆربوونى نەخۆشیە دەرونیەکان بۆتە هۆکارێکى سەرەکى بۆ هەوڵدانى بێ پایان و گوێگرتن لە وتەى ئەو کەسانەى لە ڕابردوودا گرنگیان بەم زانستە داوە، ئەگەر پێناسەیەک بۆ یۆگا کرابێت ئەوا لە چەند دەروازەیەکەوە ئەم پێناسەیە خۆى دەبینێتەوە ئەوانیش دەروازەى ناساندنى یۆگا بە یەکگرتنى بەشەکانى لاشە و دەرون و ڕۆح واتا لە پێکهاتەى ئەم سێ جەمسەرەدا کار دەکات و دووریى و لێکدابڕانەکانى ناهێڵێت، هەروەها پێناسەیەکى تر بە مەبەستى چارەکردن و زاڵبونى مرۆڤ بەسەر خودی خۆیدا، لەگەڵ زاڵبوونى بەسەر هەموو پێکهاتەکانى گەردووندا، بۆ ئەم دەروازەیە دەتوانرێت بوترێت بیرکردنەوە بەشێکى سەرەکى ئەم پێکهاتە لەخۆ دەگرێت و تێڕامانەکان ورد ئەکاتەوە وشیکارى بۆ هەر بونێک دەکات، ئەو دەروازەیەى تر کە لایەنى گرنگ و دروست و لە بارترە گرنگیدانە بە خودناسى و گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوەى سەرەکى سروشت و گەیشتنە بە ڕاستینەى ژیان، کاتێک خۆناسین هاتە ئاراوە ئەوا (ئەو)ناسین پێکدێت؛ ئەمەش ئاوێتە بوون و یەکانگیریەکى سەرتاپاى بەشەکانى مرۆڤ و گەردون لەخۆ دەگرێت، ڕاستە سەرەتا یۆگا وەک دینێک ناو براوە چونکە دەقەکانى لە سەرچاوەى دینى سەرەتا یان بیدایەت( ڤیدا)دا هاتووە، ئەمەش ڕاستیەکى خۆى هەیە بەڵام ئەم لێ زیادکردنە بە جۆرێک لە سەردەمە جیاوازەکاندا بۆتە هۆکارێکى لێک داپچڕان لە نێوان ڕاستینەى دەقە کۆن و بابەتى شیکاریانە و پێکهاتەکانى تردا، دین لە جۆرى دینى ئاسۆیی یان دینى زەمینى بە درێژایی مێژوو خۆى سەپاندووە، بۆیە تەنها دینە ئاسۆییەکان لە ڕێگەى پەیامهێنێکى تایبەتەوە گۆشکراوە هەوڵى پاراستنى ئەو دەقانەى دراوە؛ واتا دەقە دینیەکان و زیادەکانى لێک جیاکراونەتەوە. 
بەڵام ئەوەى لە نێوان لایەنە فەلسەفیەکانى یۆگادا دەبینرێت هەر چەندە گرنگیەکى تەواوى پێدراوە و هەمووى دەبێتە هۆکارى پەرەدان بەم لایەنە بۆتە مایەى دوورکەوتنەوە لە ئاینى ئاسۆیی، یان ئەگەر ئاینى مرۆى بێت وەک ئاینە زەمینیەکان؛ ئەوا گومانى تێدا نیە دەسکاریکردن و زیادکردنى کارێکى ئاساییە بەڵام هێشتا زۆربەى سەرچاوەکان بە پێکهاتەى دینى نازانن، ڕاستە ئەگەر ئەم وتەیە بوترێت چونکە کۆکردنەوەى دەقە کۆنە نووسراوەکان هەر کەسایەتیەک لە سەردەمێکدا بۆچوونى خۆى هەبووە و پەرەى بە یۆگا و بۆچوونەکەى خۆی داوە، لە کاتێکدا ناوەکەى یۆگا نەبووە بە گەلێک ناوى جیا جیا هاتووە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازى کات و شوێن و ناوچە و زاراوە نا جێگرەکان وەک هەر زمانێک بۆخۆى گۆڕانى بەسەردا دێت.



سەیرکردنى کەسایەتیەکان لە گەلێک ناوچەى جیهاندا بە وتەکانیانەوە ئەوە دەسەلمێنێت ئەم بوارە کە هەڵوێستەى لەسەر دەکرێت زادەى بیرى مرۆڤەکانە لە تێڕوانینیان بۆ ژیان، تەنانەت ئەوانەى بەدواى بەختەوەرى ڕاستى بووندا گەڕاون گەلێک یاسایان داناوە کە ئەم ڕێگەیە بە جۆرێکى ئاسانتر بەرەو کەنارەکانى بوونى نەمرى مرۆڤ دەچێت. 
ئەگەر سەیرى یاساکان بکەین زۆر نزیکن لە یاسا دینیەکانەوە بۆ نموونە درۆ نەکردن و بوختان نەکردن هەڵنەستان بە ئەنجامدانى کارێک دوودڵى ترس بۆ کەسانى تر بخاتە کایەوە، هەروەها نەبردنى ماڵى خەڵکى، لەگەڵ ئەوەدا یارمەتى و هاوکارى پێویستە بۆ هەر مرۆڤێک لە ژیاندا، هەتا کارى چاکە بکرێت مرۆڤەکان کاردانەوە و کارماى باشیان دەست دەکەوێت. 
هەرچەندە وتراوە چى بچێنیت ئەوە ئەدوریتەوە، ڕاستە بەڵام یاساى ڕێزگرتن و بێنرخ نەکردنى بوونەکان ئەرکێکى گرنگە؛ کاتێک سەیرى هەر بونەوەرێک دەکەیت بە قەوارە بچوک بێت یان گەورە ئەوا وەک خۆى پێناسەى بۆدانێ و خۆت لەوانە بەنرختر و بەرزتر دامەنێ واتا لووتبەرز مەبە چونکە تۆ وەک ئەوان پێکهاتەى ژیانت لەخۆگرتووە زیندوبوونەوە و لەناوچوونى کاتى و ڕووبەڕوو بوونەوە و کاردانەوەت دێتە ڕێگە.

 ڕێزگرتن و هاوکاری کردنى کەسایەتى گەورە بە ئەرک دانراوە هەروەک نزیکترین کەس بۆ تۆ لە خێزانەکەتدا دەسپێدەکات و پێویستە لە بەرامبەر چاکەکاندا گوێبیست بیت، کەواتە ئەم یاسایانە پایە و پێکهاتەى کۆمەڵگەیە و لە کاتێکدا پەرەدانە بە یاسا ڕۆحیەکانى هەر کۆمەڵگەیەک، پاراستنى بەشەکانى لەش وەک پاراستنى هەر تنۆکێکى گەردیلەى گەردوون وایە، چونکە کەمبوون ناتەواوى دەردەخات وەک ئازارى هەر ئەندامێکى لاشە ئازارى دەروونى و تێکچوونى شیرازەى ناوەکى و کاریگەرى بۆ لایەنە شاراوەکانى مرۆڤ دەبێت، وتراوە با لاشەیەکى دروستت هەبێت هەتا ئارامى بگات بە چینەکانى تری خۆت ، دەروون بەبێ ئارامى لاشە هیچ ئارامیەکى دەست ناکەوێت ڕۆحیش ناسرەوێت هەتا ئەم پێکهاتانە لە تەنگژە و نەخۆشیەکانى ڕزگار نەکات. 
بۆ لایەنى دەروونیش هەروایە چونکە دەرونێکى نەخۆش هۆکارێکە بۆ ئازاردان و نەخۆشی لەسەر بنچینە و پێکهاتەکانى لاشە، هەر ئەم هۆکارانەیە بۆ پەرەدان بە لایەنە ڕۆحیەکان دەبێت ئارامى تەواو بەم دوو لایەنەى ترى مرۆڤ بدرێت واتا زاڵبوونى مرۆڤ بەسەر لاشە و دەرووندا هەتا بیان پارێزێت لە تەنبەڵى و نەخۆشی لاوەکى، ئەگەر بڕوانینە یۆگا یان ئاینەکان بەتایبەت هیچ کات بۆ ئارامى و بەختەوەرى مرۆڤەکان کاریان لەسەر لایەنێکى مرۆڤ نەکردووە .

بەڵکو بەتەواو چاکردنى بەشى مادى لاشە و دەروون توانیویانە لایەنى نامادى ڕۆحى پەرەو گەشەى پێبدەن، ئێستا لەهەموو جیهاندا گرنگى ئەدرێت بە پاراستنى لایەنى لاشە و دەروون بەڵام لە هەمووى گرنگتر دروستکردنى چەندین قوتابخانەى جیاوازە لە کۆن و نوێ لە بواری یۆگادا، هەر چەندە ئەمڕۆ پەیوەندى نێوان یۆگا و تەسەوف دەردەکەوێت و ئەوانەى یۆگا دەکەن لە لایەنى ڕۆحیدا شوێن پڕکردنەوەى ئەو لایەنە دەکەون ئەمەش لە وڵاتە موسڵمانەکاندا زیاتر لایەنى تەسەوفیان گرتووە. هەر وەک لە کوردستاندا مەولانا خالید توانى بڵاوى بکاتەوە و بیگەیەنێتە زۆربەى وڵاتانى دراوسێى کوردستان تەنانەت لە دواى خۆى هەر بەردەوام بووە. 
لەم سەردەمەدا گەلێک ناوچەى جیاواز پەرە بەم لایەنە ئەدەن، وەک لایەنى لاشەى یان جەستە بە جۆرێک لە ئەوروپا ئەم بوارە پەرەى پێدراوە کە هەر کەسێک سوودى لێ وەر دەگرێت لە بوارێکى ژیانى خۆیدا، بۆیە یۆگا زۆر کات تەنها بە هونەر ناو دەبرێت یان بە زانستێکى ڕۆحى ئەمەش هۆکاری بڵاوى و گرنگىدانە بەم بوارانەى لە هەر جەمسەرێکییەوە بێت جگە لەوەى پەى بە نهێنى ژیان و هێزەشاراوەکان دەبات، دەبێتە مایەى بەختەوەرى بۆ هەر کەسێک ئەنجامى بدات .

  نووسين: کاروان جوودى
ئەم بابەتە لە ژمارە(1)ى گۆڤارى (سەنتەرى ڕۆشنبیرى سەرا) بڵاو کراوەتەوە.